دەیان پۆلیس لە ئەڵمانیا بە سوکی برینداربوون و ئاژاوەگێڕیش لە ژمارەیەک دوکان و بازاڕدا کراون، هاوکاتی ئەو پێکدادانە قورسەی نێوان سەدان کەس لەگەڵ هێزەکانی پۆلیسدا.
ساشا بیندەر، بەرپرسی پارتی سۆشیالیست دەڵێت ئەم ڕەوشەی شەوی ڕابردووی شاری شتوتگارت "لە دیمەنەکانی شەڕی ناوخۆ و شەڕی شەقام" دەچوون و داوای ڕونکردنەوەیشی کردووە لە ڕووداوەکانی شتوتگارت
پۆلیس لە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی یەکشەممەیدا ئاماژەی بەوە کردووە ڕووداوەکان لە نیوەشەوی ڕابردوودا بوون کاتێک پۆلیس بەدواداچوونی لەسەر دۆسێیەکی بەنگ و موخەدەرات کردووە و دەشڵێت نزیکەی 500 کەس لە لاوان دەستیان هەبووە لە ڕووداوەکاندا.
سەدان کەس بەرەو ناوجەرگەی شاری شتوتگارت ڕۆیشتوون و هەمووشیان دەمامکیان کردووە.
ئەو گەنجانە زیانێکی زۆریان لەو ئۆتۆمبێلانەی پۆلیس داوە کە لە شوێنە جیاجیاکاندا وەستابوون و هەروەها بەردبارانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی پۆلیسیشیان کردووە کە بەو شوێنانەدا تێدەپەڕین.
سەرچاوەکانی هەواڵ لە شتوتگارتەوە دەڵێن هێرشیش کراوەتە سەر هێزەکانی پۆلیس و زیاتر لە 10 پۆلیس بە سوکی بریندارن.
پۆلیس دەڵێت کاتژمێر 3ی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕەوشەکە بەرەو هێوربوونەوە ڕۆیشتووە دوای ئەوەی هێزی زیاتری پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەکانی ڕووداوەکان و نزیکەی 20 کەسیشیان دەستگیرکردووە.
لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووشدا، ڕووداوی هاوشێوە لە شتوتگارت ڕوویداوە بەڵام بە ئاستێکی کەمتری توندوتیژیەوە.