وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت ڕۆژی دووشەممە موحەمەد جەواد زەریف لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆکی سوریادا کۆدەبێتەوە.
ئەگەر ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت، ئەوا دەبیتە یەکەم کۆبوونەوەی هەردوو گەورە کاربەدەستی ئێرانی و سوریایی لە ماوەی یەک ساڵدا. دواترین کۆبوونەوەی موحەمەد جەواد زەریف و بەشار ئەلئەسەد لە 16 ی چواری ساڵی 2019 بووە لە دیمەشق.
ئێران و هەروەها ڕوسیاش بە گەورەترین وڵاتی پشتیوانکاری سوریا دادەنرێن لەو شەڕەی ڕژێمی سوریا لە ساڵی 2011وە دژ بە ئۆپزسیۆنەکانی وڵاتەکەی دەیکات.
ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئێران تەنها یەک ڕۆژ دەخایەنێت و وەک دەگوترێت بۆ باسکردنی پەیوەندی دوو لایەنەی ئێران و سوریا و دواترین پەرەسەندنەکانی شەڕی دژی تێرۆریزمە لە سوریادا.
بڕیارە زەریف لەگەڵ وەلید ئەلموعەلم، وەزیری دەرەوەی سوریاشدا کۆببێتەوە.
شەڕی ناوخۆی سوریا بۆتە مایەی کوژرانی زیاتر لە 380 هەزار کەس و هەروەها ئاوارەبوونی زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە لەناو سوریا و لە دەرەوەی سوریاشدا.