وەزیری کاروباری حەج لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە داوا لە موسڵمانانی سەرانسەری جیهان دەکات تا چاوەڕوان بن و بزانن پەرەسەندنەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا چۆن دەبن، ئەوجا بڕیاری خۆیان لەسەر بەجێگەیاندنی مەڕاسیمە ئاینیەکان بدەن
موحەمەد بن ساڵح دەڵێت هێشتا هیچ شتێک دیار نییە لەسەر مەڕاسیمەکانی حەج کردن بۆ ئەمساڵ.
لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵی سعودیەی هەواڵیدا سەبارەت بە حەج کردن بۆ ئەمساڵ کە پاش نزیکەی چوار مانگی ترە، بن ساڵح دەڵێت " هەموو ئامادەییەک هەیە بۆ خزمەتکردنی حاجییەکان، بەڵام بەهۆی ئەم ڕەوشەی ئێستاوە کە بڵاوبوونەوەی پەتایەکی جیهانییە و لە یەزدان دەپاڕێینەوە هەمووان پارێزراو بکات لەم پەتایە، هەر بۆیەشە داوامان لە موسڵمانانی وڵاتانی جیهان کردووە خۆیان بگرن و هیچ کۆنتراکتێک مۆر نەکەن تا بەرچاو ڕوونییەک دێتە ئاراوە."
ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەس سەردانی هەردوو شاری مەککە و مەدینە دەکەن لە عەرەبستانی سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی حەج کردن،کە بە هەرە پیرۆزترین دوو شار دادەنرێن لە جیهانی ئیسلامیدا .
عەرەبستانی سعودیە لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، مەڕاسیمی عەمرە کردنیشی ڕاگرت و هاتن و چونیشی بۆ شاری پیرۆزی مەککە ڕاگرت.
وەزیری کاروباری حەج لە عەرەبستانی سعودیە دەڵێت نزیکەی 1200 عەمرە کار لە وڵاتەکەدا گیریان خواردووە، چونکە گەشتە ئاسمانییەکان ڕاگیراون و شانشینی عەرەبستانی سعودیە سەرپەرشتییان دەکات و ئێستا لە هوتێلەکاندا هێڵراونەتەوە.