پـۆلیسی هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا دەڵێت 17 کەسیان دەستگیرکردووە کە زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی عەرەبین و پـێنجیان بە نیازبوون هێرشی تێرۆرستی لە شاری بەرشلۆنەی پایتەختی هەرێمەکە ئەنجامبدەن.
پـۆلیسی کەتەلۆنیا لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی لەو هەڵمەتەی ئەمڕۆ سێشەممە دەزگای دژە تێرۆر لە بەرشلۆنە و شاری ئیگوالادا ئەنجامی دابوو، 17 کەس دەسـتگیرکراون.
پـۆلیس لە بەیاننامەیەکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی هەڵمەتەکەی ئەمڕۆیان لە ئەنجامی ساڵێک لە چاودێری و لێکۆڵینەوە بووە. 16 کەسیان لە بەرشلۆنە دەستگیرکراون و یەکێکیان لە شاری ئیگوالادا.
پـێنج کەسەکەی بە نیازبوون هێرشی تێرۆرستی ئەنجام بدەن تەمەنیان لە نێوان 33 ساڵ بۆ 44 ساڵە، بریتین لە 3 جەزائیری، یەک لیبی، یەک عێراقی. 12 کەسەکەی تر تێکەڵەیەکن لە جەزائیری و میسری و عێراقی و مەغریبی و لوبنانی و ئیسپانی.
پـۆلیس پارچە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نیشانی دەدات هێزەکانی پـۆلیس و ئاسایش شوێنێک دەپشکنن و کەسێکیان دەسـتگیرکردووە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 17 ی مانگی هەشتی ساڵی 2017 کەسێکی مەغریبی لە شاری بەرشلۆنە ژمارەیەک کەسی بە ئۆتۆمبیل کرد بە ژێرەوە و لە ئاکامدا 14 کەس گیانیان لە دەست دا. داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاند.