یه‌كێتى و پارتى تا ئێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته ڕێككه‌وتن بۆ كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوک و هه‌ڵبژاردنى پارێزگارێكى كورد بۆ شاره‌كه، هه‌ردوولاشیان پاساوى جیاوازیان بۆ به‌رده‌وام بوونى دۆخى ئێستاى شاره‌كه هه‌یه.
ئه‌ڵماس فازڵ ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌كوتله‌ى یه‌كێتى و بڕیاردەری ئه‌نجومه‌نى له‌كارخراوى پارێزگاى كه‌ركوک، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى ڕاگه‌یاند"هه‌وڵێک له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه بۆ گه‌ڕانه‌وه كه‌ركوک، گه‌ر پارتى كه‌ركوكى به‌لاوه گرنگه، ده‌بێت هه‌ماهه‌نگ بێت بۆ كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكه‌ى."
وتیشى"له‌پێناو خزمه‌تكردنى كه‌ركوكیه‌كان، ده‌بێت بیرى ته‌سكى حزبایه‌تى به‌لاوه بنێین، چونكه خه‌ڵكى كه‌ركوك زه‌ره‌رمه‌نده له‌م دۆخه."
تائێستا یه‌كێتى و پارتى له‌سه‌ر ئاستى باڵا چه‌ندین جار گفتوگۆیان بۆ كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك و هه‌ڵبژاردنى پارێزگارێكى كورد بۆ شاره‌كه له‌رێگه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌وه كردووه، به‌ڵام گفتووگۆكانیان هیچى لێسه‌وز نه‌بووه.
كورد له كۆى 41 كورسى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك، خاوه‌نى 26 كورسى یه، گه‌ر یه‌كێتى و پارتى بگه‌نه رێككه‌وتن، ده‌توانن له‌رێگه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاوه، پارێزگار هه‌ڵبژێرن، به‌ڵام تائێستا رێكنه‌كه‌وتوون.
عه‌دنان كه‌ركوكى وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى كه‌ركوک/گه‌رمیان ى پارتى، ره‌تیكرده‌وه حیزبه‌كه‌ى بۆ كه‌ركوك بگه‌رێته‌وه، تائه‌وكاته‌ى دۆخى شاره‌كه ئاسایى ده‌كرێته‌وه.
ناوبراو به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"پارتى به زه‌لیلى ناگه‌رێته‌وه كه‌ركوك، ئێمه كاتێك ده‌گه‌رێینه‌وه، كه دۆسیه‌ى ئیدارى و ئه‌منى پارێزگاكه به‌هاوبه‌شى له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌رێوه‌ده‌برێت."
گه‌رچى پارتى به‌فه‌رمى دۆخى كه‌ركوک ده‌كاته پاساو بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ نێو ئه‌و شاره، به‌ڵام زانیاریه‌كان ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كه‌ن ئه‌و حیزبه نایه‌وێت بێ به‌رانبه‌ر پۆستى پارێزگار راده‌ستى یه‌كێتى بكات و له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و پۆسته‌دا، داواى پۆستى سه‌رۆک كۆمار ده‌كات.
دەقی ڕاپۆرتی پەیامنێرمان دڵشاد ئەنوەر لە کەرکوک