چەکدارەکانى داعش لە رڕێگەى ئاوارەکان و قۆستنەوەى بۆشایى ئەمنى لەدەوروبەرى کەرکوک ، هەوڵى ناردنى چەکدار و دزەکردنە نێو ئەو شارە دەدەن ، بەڵام تائێستا پلانەکانیان لەلایەن پێشمەرگەوە شکستیان پێهێنراوە.
شوان محەمەد غەریب فەرماندەى لیواى پێشمەرگە لە رۆژئاواى کەرکوک ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش لە ڕێگەى ئاوارەکان و ناردنى چەکدار بەشەوان بۆ نزیک سەنگەرەکانى پێشمەرگە هەوڵى دزەپێکردنى چەکدار دەدات بۆ ناو کەرکوک و قەزاى دبس."
وتیشى"پێشمەرگە ڕەبیەکانى توندوتۆڵکردووە و لێکۆڵینەوەى وردیش لەگەڵ ئاوارەکان دەکرێت."
ئەو چەکدارانەى داعش کە لە مانگى دەدا دزەیانکردە ناو شارى کەرکوک بۆشایى ئەمنى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبیان لە نزیک گوندى بەشیر قۆستبویەوە.
رائید فەرهاد کاکەیى فەرماندەى پێشمەرگە لەباشورى کەرکوک ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش نزیکەى 50 چەکداریان ناردوەتە نزیک گوندى بەشیر و پێشمەرگە لە ئێستادا چاودێریان دەکات."
هەوڵى دزەکردنى چەکدارانى داعش بۆ ناو شاروشارۆچکەکان ، لەکاتێکدایە بەپێى وتەى فەرماندەکانى پێشمەرگە ئەو رێکخراوە تواناى شەڕى ڕووبەڕووى نەماوە و بە دواى دەرفەتدا دەگەرێت بۆ زیان گەیاندن بە پێشمەرگە.